ناوهڕۆك
مارە بە جاش
ئەگەر پیاو سێ بە سێ ژنەکەی تەڵاق دابێ بە پارە، یان بە خۆڕایی، ئەوە پێی ئەگوترێ: جیابوونەوەی گەورە.
ئەو ژنەی لێ حەڵاڵ نابێتەوە -چونکە هەرسێک تەڵاقی کەوتوون- بەڵام لە دوای هاتنە جێی پێنج مەرج لێی حەڵاڵ ئەبێتەوە، بە مەرجێك كە ژنەكە خۆی ئامادەبێت ئەنجامیان بدات و بە زۆر نەبێت، هەروەها بە فێڵ نەبێت :
- یەکەم: (عدة)ـی لەو مێردە بەسەر بچێ.
- دووەم: مێردێکی تر بکا.
- سێیەم: مێردی دووەم بیگوازێتەوە و جیماعیشی لەگەڵ بکا.
- چوارەم: مێردی دووەمیش ئەبێ تەڵاقی بدا.
- پێنجەم: (عدة)ـی لە میردەکەی دووەمیش بەسەر بچێ، ئینجا مێردی یەکەم مارە بکاتەوە.
ئەم جۆرە بەمشێوەیە نەبێت دروست نییە، واتە ئەگەر زەواج بكرێ و تەنیا مارەبڕین بكرێ و خێرا تەڵاق بدرێتەوە وەك ڕێككەوتن لەگەڵ پیاوی دووەم تەنیا بۆ ئەوەی پیاوی یەكەم بتوانێ بیگەڕێنێتەوە حەرامە و دروست نییە، ئەو جۆرە تەڵاق چاککردنەوەیە لە کوردەواریدا پێی دەڵێن (مارە بە جاش) و گەر ئەو مەرجانەی نەبێت دروست نییە
خوای گەورە فەرموویەتی: (فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُ مِن بَعْدُ حَتَّىٰ تَنكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ) هەر کاتیک مێرد سێ بە سێ ژنەکەی خۆی تەڵاق دا، لێی حەڵاڵ نابێتەوە تا مێردێکی تر ئەکا.
(وعن عائشة -رضي الله عنها-: طلق الرجل إمرأته ثلاثا فتزوجها رجل، ثم طلقها قبل أن یدخل بها، فأراد زوجها الأول أن یتزوجها، فسأل النبی ﷺ عن ذالك؟ فقال: لا، حتی یذوق الآخر من عسیلتها) رواه الشیخان، پیاوێک سێ بە سێ ژنی خۆی تەڵاق دا، جا یەکێکی تر مارەی کرد، جا ئەویش تەڵاقی دا و هێشتا جیماعی لەگەڵ نەکردبوو، جا مێردەکەی یەکەمی ویستی دیسان لە خۆی مارە بکاتەوە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لێت حەڵاڵ نییە مارەی بکەیەوە تا مێردەکەی دووەمیش هەنگوینەکەی لێ تام ئەکا. واتە: تا جیماعی بە تەواوی لەگەڵ ئەکا.
ڕوونکردنەوە
ئافرەتی تەڵاقدراو سێ جۆرە:
یەکەم: (رجعیة)، واتە: گەڕاندرایەوە، کە ئەو ئافرەتەیە جیماعی لەگەڵ کرابێ، ئینجا بەبێ پارە، بە تەڵاقێک، یان بە دوو تەڵاق، تەڵاق درابێ، هەر لە (عدة)ـش دابێ. جا ئەو جۆرە تەڵاقدراوە تەڵاقی تریشی ئەکەوێ و لەگەڵ مێردەکەشی میرات لە یەکتری ئەگرن.
دووەم: (البائن الصغری)، واتە: جیابووەوەی بچووک، ئەو ئافرەتەیە هێشتا جیماعی لەگەڵ نەکرابێ و بە تەڵاقێک، یان بە دوو، تەڵاق درابێ، یان بە پارە تەڵاقێک، یان دوو، تەڵاق درابێ، یان (رجعیة) بێ و (عدة)ـی بەسەرچووبێ. ئەمەیان تەڵاقی تری ناکەوێ و لەگەڵ مێردەکەی میرات لە یەکتری ناگرن، بەڵام بە مارەبڕینێکی نوێ حەڵاڵ ئەبێتەوە.
سێیەم: (البائن الکبری)، واتە: جیابووەوەی گەورە، ئەوەیە سێ بە سێ تەڵاق درابێ بە پارە، یان بێ پارە. ئەمەیان (مارە بە جاش) نەبێ حەڵاڵ نابێتەوە و لەگەڵ مێردەکەی میرات لە یەکتری ناگرن.